گۆشەی ئیتاڵی لە کتێبخانەی ڤیژن لە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر دەکرێتەوە


رۆژی سێشەممە، ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٤، مەڕاسیمی کردنەوەی گۆشەی ئیتاڵی لە کتێبخانەی ڤیژن لە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر بەڕێوەچوو. مەڕاسیمەکە بە بڕینی قردێلە لەلایەن جێگری بەڕێوەبەری رێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن، خاتوو زەینەب خەلیل، سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و ڕاوێژکاری زانکۆی کاسۆلیکی، مەتڕان بەشار ماتی وەردە، و کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەولێر، بەڕێز میشێل کامیرۆتا دەستیپێکرد. ئامانج لە کردنەوەی ئەم ناوەندە گەشەپێدان و بەیەکگەیاندنی کلتورە جیاوازەکانە لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە مەڕاسیمەکەدا، بڕوانامە بەخشرا بەو قوتابیانەی کە سەرکەوتووانە بەژداریان لە یەکەمین کۆرسی زمانی ئیتاڵی کردبوو لە گۆشەی ئیتاڵی، کە بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان کۆرسێکی هاوشێوە بە زمانی ئیتاڵی ئەنجام بدرێت بەهاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی دانتێ گلۆباڵ. ئەم هەنگاوە دەبێتە مایەی زیاتر ناساندنی زمان و کلتووری دەوڵەمەندی ئیتاڵی لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە دوایدا، پرۆفیسۆر د. نزار شەبیلا، سەرۆکی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا ڕۆڵی کونسوڵخانەی گشتی ئیتاڵیای لە هەولێر بەرزنرخاند و باسی لە گرنگی گۆشەی ئیتاڵی کرد کە پێگەیەک دەبێت بۆ ئاشنابوون و تێکەڵبوون بە مێژووی ئەدەبیات و هونەری ئیتاڵی. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کردنەوەی ئەم ناوەندە بەڵگەیە لەسەر تامەزرۆیی قوتابیان و ستافی زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر بۆ ئاشنابوون و قاڵبوونەوە لەگەڵ کلتورە جیاوازەکانی دونیا.

د. نزار شەبیلا لە درێژەی وتارەکەیدا وتی، “ئەم بۆنەیە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتی ئیتاڵیا و ڤیژن ئێجوکەیشن و دامەزراوەی دانتێ گڵۆباڵەوە ڕێکخراوە، جەخت لەسەر بەیەکگەیاندنی کلتورە جیاوازەکان لە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر دەکاتەوە.”

پاشان، لە دەستپێشخەرییەکدا بۆ دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ڤیژن، کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەولێر ژمارەیەک ژۆرناڵ و کتێبی مێژووی، کە بە زمانی ئیتاڵی نوسراون، پێشکەشی کتێبخانەکەی کرد کە ئەمەش هاوکارێکی گرنگی قوتابیان و فێرخوازانی زانکۆکە دەبێت بۆ زیاتر ئاشنابوون بە کلتور و مێژووی ئیتاڵیا و بەکارهێنانیان لە ماوەی ژیانی ئەکادیمیاندا.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا، میشێل کامیرۆتا، کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەولێر، وێڕایی دەربڕینی پێزانین و بەرزنرخاندنی ئامانج و وەبەرهێنانەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن لە سێکتەری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی کردنەوەی گۆشەی ئیتاڵی لە دامەزراوەکە کرد.

لە کۆتاییدا، زەینەب خەلیل، جێگری بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن، تیشکی خستە سەر دەسپێشخەری و خزمەتەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن لە سێکتەری پەروەردەی هەرێمی کوردستان. وە بەبایەخەوە باسی کتێخانەی ڤیژنی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە گۆشەی ئیتاڵی، وەکو سەرچاوەیەکی ئەکادیمی، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە تێگەیاندن و دەوڵەمەندکردن و بەیەکگەیاندنی کلتورە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

خاتوو زەینەب لە وتارەکەیدا وتی “کردنەوەی ئەم ناوەندە هێمای پەیوەندی پەرەسەندووی نێوان دوو نەتەوەیە. ئیتاڵیا خاوەن مێژوویەکی دێرین و کلتوورێکی زیندووە کە تەواوی جیهان، لە نێوانیاندا کۆمەڵگای کوردستان، دانی پێدا دەنێن.

هەروەها وتی“گۆشەی ئیتاڵی ناوەندێک نییە تەنیا کۆمەڵێک کتێب لەخۆبگرێت، بەڵکو سەلمێنەری دۆستایەتی دێرینی نێوان گەلانی جیهانە. هەر بۆیەش خۆشحاڵین کە دەبینین بەرهەمە بەپێزەکانی ئەم ناوەندە کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئەزموونی خوێنەران و کۆمەڵگاکەمان دەبێت.”

زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر، کە یەکێکە لە ناوەندە پەروەردەییە پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠١٥ دامەزراوە و لەلایەن ڤیژن ئێجوکەیشنەوە پاڵپشتی دەکرێت. لە ساڵی ٢٠٢٣، لە مەراسیمێکی شایستەدا ڤیژن ئێجوکەیشن کتێبخانەی ڤیژنی لە زانکۆی کاسۆلیکی بەڕووی قوتابیان و هاوڵاتیاندا کردەوە. کتێبخانەکە توانای پێشوازیکردنی لە ٦٠٠ خوێنەر و سەردانیکەر هەیە و ٢٠ هەزار کتێبی چاپکراو و چەندین سەرچاوەی ئەکادیمی زانستی لەخۆدەگرێت.

بۆ خوارەوە