پەیامی سەرۆکی ڤیژن ئێجوکەیشن

ئەم جیهانە چەندین ئەزموونی زیندووی سەرکەوتنی تێدایە کە بوونەتە بەرچاوڕوونییەکی گەورەی مرۆڤایەتی بۆ زاڵبوون بەسەر هەژاری، دواکەوتن، ئاستەنگەکان و هەڕەشەکانی سەر ژیان و ژینگە. بێگومان سەرچاوەی سەرەکی گەیشتن بەو سەرکەوتن و پێشکەوتنانەش، پەروەردە و فێرکردنە. بە بڕوای ئێمە پەروەردە و فێرکردن تەنیا رێچکەیەك نییە بۆ پێشکەوتنی تاکەکان، بەڵکو بەردی بناغەی دروستکردنی کۆمەڵگا و دەوڵەتێکی تەندروستە.

ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی وڵات بە ئاڕاستەی داهاتوویەکی رۆشنتر و شایستەتر و پێشکەوتووتر ببەین، وە مرۆڤایەتی و ژیان بپارێزین لە هەڕەشە و مەترسییەکان، لە چەقبەستن، لە دواکەوتن، لە خراپەکاری، لە هەژاری، لە نایەکسانی و لە نادادپەروەری. هەر بۆیە هاوکار و پاڵپشت دەبین لە پێشخستنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، بە جۆرێك کە مرۆڤ تێیدا چەق بێت، و پێگەی تایبەت ببەخشێت بە بەهاکانی مرۆڤایەتی، یەکسانی، ئازادی، پێکەوەژیان، یەکترقبوڵکردن و رێزگرتن لە جیاوازییەکان.

https://visioneducation.com/wp-content/uploads/2023/10/INB2.jpg
https://visioneducation.com/wp-content/uploads/2023/11/INBhandwritingname.png

سیستەمێك کە دەستپێشخەر و یاریدەدەر بێت بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەکی تەندروست، شایستە بە پەروەردەکردنی فێرخوازان؛ ژینگەیەکی خوێندن کە هاندەر بێت بۆ بەدەستخستنی خوێندنی باشتر، وە فێرخواز تێیدا هەست بە شکۆ و ڕێز، هەست بە ئاسودەیی و هاوڕێیەتی بۆ خوێندن و ناوەندەکانی خوێندن بکات. بێگومان ئەم دەستکەوتانە دەکرێت بەدەستبهێنرێن بە سوود وەرگرتن لە مێژوو وە گۆڕانکارییە تەکنەلۆژی، زانستی، مەعریفی، کولتووری، پیشەگەرییەکان وە لە سەرووی هەمووشیانەوە تێگەیشتن لە گرنگی پاراستنی ژینگە.

کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن ئەرکی سەرەکی بریتییە لە پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگا، لە رێگای دابینکردنی بەرزترین کوالێتی خوێندن و فێرکردن لە هەموو ئاستە جیاوازەکانی زانست و فێربوون، هەروەها ئامانجێتی پێشەنگبێت لە پێشکەوتن و بەدیهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنی لە وڵاتدا. چونکە باوەڕمان وایە، بنیاتنانی ژینگەیەکی تەندروست بۆ خوێندن، لە بنەما هەرە لەپێشینەکانی هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتووی سەردەمیانەیە بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن.

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەمان، پابەندیمان بە پێشکەشکردنی یارمەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردن، پابەندییەکی چەسپاوە. لەم سۆنگەیەوە، هەنگاو دەنێین بە ئاڕاستەی داهاتوویەکی باشتر و، وەبەرهێنان دەکەین نەک تەنیا لە ژێرخان و سەرچاوەکانی زانستدا، بەڵکو لەتوانای تاکەکانی کۆمەڵگا؛ وەبەرهێنان دەکەین لەو پەروەردەکارانەی کە پرسە گرنگەکان دەوروژێنن؛ لەو خوێندکارانەی کە بوێری خەون بینینیان هەیە.

هەوڵەکانمان لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ بواری پەروەردە و فێرکردن گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن کە باوەڕێکی ڕەهامان بەوە هەیە کە زانست دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە بهێنێتە کایەوە. ئێمە بەتەنیا باڵەخانەکانی خوێندنگە و زانکۆکان نابینین؛ بەڵکو لە سەرووی ئەوانەوە، فێرگە بۆ ئاواکردنی داهاتوو دەبینین، کە تیایاندا نەوەکانی دواڕۆژ لە سەرکردە و، بیرمەند و، داهێنەران مەشق دەدرێن.

هەر لەو روانگەیەوە بۆ پەروەردە و فێرکردن، وەك ئەرکێکی پیرۆز، ڤیژن ئێجوکەیشن پشت ئەستوور بە هەبوونی تیمێکی ماندونەناس و جێی شانازیی، بەردەوام دەبێت لە کارکردن و هەوڵدان بۆ دروستکردنی جیهانێك کە تێیدا پەروەردە و فێرکردن پردێکبن بۆ کاری هاوبەش، بۆ دەرەئەنجامی هاوبەش کە خۆشگوزەرانی و ئاشتی بەردەوامی کۆمەڵایەتی دەستەبەردەکات. کۆمەڵگایەك کە تێیدا زانست پێشەنگ و ڕێنیشاندەرمان بێت و، خۆشەویستیش پاڵنەر و هێزی پێکەوەبوونمان بێت.

ادریس نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ڤیژن ئێجوکەیشن

 

 

 

سەرکردایەتی گۆڕانکاری لە ڕێگای پەروەردەوە

سەرکردایەتی گۆڕانکاری لە ڕێگای پەروەردەوە

کڕۆکی دیدگاکەمان بوونی باوەڕی تەواوە بەوەی پەروەردە بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی زیندووە. پەروەردە، ڕێگاخۆشکەرە بۆ تاک و کۆمەڵگا بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی دروست بکەن کە ببێتە مایەی مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی پڕشنگدارتر بۆ هەمووان.

ئەرکی ئێمە

ئەرکی ئێمە ئەوەیە لە ڕێگای پاڵپشتیکردنی دامەزراوە تایبەت و حکومییەکان وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردەدا بکەین و پەرە بە تواناکانی قوتابیان بدەین تا ببنە هاونیشتیمانیی بەرپرسیار و بتوانن سەرکردایەتیی گۆڕانکاریی بنیادنەرانە لە کۆمەڵگادا بکەن.

تیمێکی یەکگرتوو

کارمەندانی ڤیژن ئێجوکەیشن بەهۆی پەرۆشی و ئارەزوویان بۆ پەروەردە وهەبوونی ئەزموونێکی دوور و درێژ، تێگەیشتنێکی باشتریان هەیە بۆ پێداویستی قوتابخانە، مامۆستایان، قوتابیان و کۆمەڵگا بە گشتی.

هەر کارمەند و ئەندامێکی تیمی ڤیژن ئێجوکەیشن کۆڵەکەیەکە بۆکۆمپانیا و هەمیشە ماندوونەناسانە هەوڵدەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو.

وەبەرهێنانی بەردەوام لە زانست و پەروەردە

ڤیژن ئێجوکەیشن پردێكە لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی لە بواری پەروەردەدا. دەسپێشخەرییەکانمان لە کۆمەڵگا لە ڕێی نۆژەنکردنەوە و درووستکردنی کتێبخانە و دابینکردنی پێداویستی بۆ سەدان قوتابخانە و چەندین زانکۆی حکومی گەواهیدەری پابەندبوونمانە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە و درووستکردنی کەشێکی لەبار و تەندروست بۆ قوتابیان و مامۆستایان.

بڕوانە پڕۆژەکانمان
ئێمە خاوەندارێتی و پاڵپشتی دیارترین دامەزراوە پەروەردەییەکان دەکەین لە هەرێمی کوردستان
دامەزراوە پێشەنگەکانمان
ئەو دامەزراوانەی کە پاڵپشتی داراییمان کردوون
بۆ خوارەوە