یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ژیری دەستکرد لە عێراق بە پاڵپشتی ڤیژن ئێجوکەیشن بەڕێوەچوو


بە پاڵپشتی سەرەکی ڤیژن ئێجوکەیشن، لە بەرواری ١ی ٦ی ٢٠٢٤، یەکەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ژیری دەستکرد لە عێراق لە هەولێر بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆنفڕانسەکە ناساندن و ئاشناکردنی ژیری دەستکرد بوو بە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان و عێراق، کە شۆڕشێکی سەردەمیانەی تەکنەلۆژییایە لە بەدیهێنانی گۆڕانکاری و کاریگەریخستنە سەر پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی و زانست و زانیاری لە جیهاندا.

زیاتر لە ١٥ پرۆفیسۆری بواری تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان بانگێشتی کۆنفڕانسەکە کرابوون و گەنگەشەیەکی فراوانی پێگە و کاریگەرییەکانی ژیری دەستکردیان کرد لەسەر مرۆڤایەتی و سێکتەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگا.

لە میانەی کۆنفڕانسەکدا، ژمارەیەک پانێڵ و وۆرکشۆپی تایبەت بەڕێوەچوو کە تیایاندا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ژیری دەستکرد لە بوارەکانی پەروەردە، کۆمپیوتەر، پرۆسەی زمانی سروشتی، ئاسایشی سایبەری، یاسا و ڕێنماییەکان، هەروەها ڕۆڵی دیاری ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر کەرتی ئابووری و تەندروستی.

ئەم کۆنفڕانسە، کە بە پاڵپشتی ڤیژن ئێجوکەیشن ڕێکخرابوو، لەلایەن زانستخوازان و پسپۆڕانەوە وەکو هەنگاوێکی سەرەتایی و پێویست دەبینرێت بۆ ئاشناکردن و دانەبڕانی کۆمەڵگای کوردستان و عێراق لە پێشکەوتنە هەنوکەییەکانی تەکنەلۆژیا و ژیری دەستکرد، وە بۆ بەیەکگەیاندن و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانایان و پسپۆڕانی ناوخۆی و بیانی لە بواری تەکنەلۆژیا.

ژیری دەستکرد بە دیاردەیەکی تەکنەلۆژیی نوێ لە قەڵەم دەدرێت. لە ماوەی ڕابردوودا ئەم داهێنانە تەکنەلۆژییە بووتە مایەی تێڕامانی دانیشتووانی جیهان و سەرجەم چاوەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، و کاریگەری بەرچاوی لە سێکتەرە جیاجیاکان تۆمارکردوە. هەر بۆیەش لێکەوتە بەردەوام و خێراکانی بووەتە جێگای مشتومڕی زانایان و شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا کە وایدەبینن داهاتوو بۆ ژیری دەستکرد دەبێت و دەرئەنجام و کاریگەریەکانیشی لە ساڵانی داهاتوودا بەرفراوانتر دەبێت.

بۆ خوارەوە