گەنجێکی کورد بە پاڵپشتی ڤیژن ئێجوکەیشن ڕیکۆردێکی نوێ لە کتێبی گینس تۆمار دەکات


لە بەرواری ٢٤ی تشرینی دووەم، بەئامادەبوونی نوێنەری گینس لە ستۆکهۆڵم، گەنجێکی کورد بە پاڵپشتی ڤیژن ئێجوکەیشن توانی ڕیکۆردێکی نوێی گینس تۆمار بکات.

ڕیکۆردەکەی گینس لە بنەڕەتدا بریتییە لە لێدانەوەی تۆپی پێ، وە لەبەرکردنی ٣٠ ژمارەی جیاواز لە ماوەی ٣٠ چرکەدا، پاشان دووبارەکردنەوەی ژمارەکان بەبێ هەڵە و لەدوای یەک، وە بەبێ وەستان لە لێدانەوەی تۆپی پێ. مەیسن فەرهاد نەریمان، کە یەکێکە لە سوودمەندبوەکانی زەماڵەی خوێندنی ڤیژن ئێجوکەیشن، گەنجێکی کوردە و خەڵکی شاری مەهابادە، وە خاوەن چەندین بەهرەی ناوازەیە، توانی بە ماوەی ٣٠ چرکە، ٣٠ ژمارەی جیاواز لەبەر بکات، دواتر سەرجەم ژمارەکان بەسەرکەوتوویی و یەک لە دوای یەک دووبارە بکاتەوە لە کاتێکدا کە بێوچان لێدانەوەی بە تۆپی پێ دەکرد.

مەیسنی تەمەن ٣٠ ساڵان، دانیشتووی وڵاتی سویدە و ژیرییەکی تایبەتی هەیە بەجۆرێک کە لە ڕێگای ڕاپۆرتە پزیشکییەکانەوە سەلمێنراوە کە دەتوانێت لە یەک کاتدا هەردوولای مێشکی کارپێ بکات. مەیسن لە ئێستادا لە دوو زانکۆی وڵاتی سوید درێژە بە خوێندن دەدات، وە بڕیار وایە لە هاوینی داهاتوو بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی بازرگانی و ئابووری لە زانکۆی ستۆکهۆڵم بەدەست بهێنێت. لە هەمان کاتدا، پاڵێوراوە بۆ خوێندنی بڕوانامەی ماستەر لە سکوڵی ئابووری زانکۆی ستۆکهۆڵم کە یەکێکە لە باشترین سکوڵەکانی ئابووری لە جیهاندا.

دوای تۆمارکردنی ئەم ڕیکۆردەکە، سارا سەڵاحەدین موستەفا، بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن ڕایگەیاند: بەدەستهێنانی ئەم ڕیکۆردە جێگای شانازییە بۆ هەموو گەلی کوردستان، چونکە لەسەر دەستی گەنجێکی کورد تۆمار کراوە و دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گەنجانی کورد لێهاتوو و بەهرەمەندن، وە دەتوانن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستکەوتی مەزن بۆخۆیان و گەلەکەیان بەدەست بهێنن.

ڤیژن ئێجوکەیشن هاندان و پشتیوانیکردنی گەنجانی کورد لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی هاوشێوە و گەیشتن بە پلەی باڵای ئەکادیمی بە ئەرکێکی پیرۆز و بنەڕەتی دەزانێت، هەر بۆیەش دامەزراوەکە هەردەم پابەند بووە بە پێگەیاندنی نەوەیەکی کارامە کە بتوانن لەسەر ئاستی جیهان کێبڕکێ بکەن و ناوی کوردستان بەرز ڕابگرن. ساڵانە ڤیژن ئێجوکەیشن چەندین پڕۆژە و دەستپێشخەری لە سێکتەری پەروەردەی گشتی و خوێندنی باڵا ئەنجام دەدات و دەرفەتی جۆراوجۆر بۆ قوتابیانی کورد دەڕەخسێنێت، وەک پێدانی هاوکاری و زەماڵەی خوێندن، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕێگای زانست و تواناکانیانەوە خزمەت بە داهاتووی کوردستان بگەیەنن.

بۆ خوارەوە