
لە بەرواری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٥، ڤیژن ئێجوکەیشن مەراسیمێکی شایستەی ڕێکخست بەبۆنەی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە پەروەردەییەکانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر.
مەراسیمەکە بەئامادەبوونی ڕێزدار ادریس نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری ڤیژن ئێجوکەیشن بەڕێوەچوو، هەروەها بەرپرسانی حکومی و پیاوانی ئاینی و کەسانی ئەکادیمی، هاوشان لەگەڵ مامۆستا و قوتابیانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، بەشداریان تێدا کرد.
ئەم پڕۆژەیەی ڤیژن ئێجوکەیشن خۆی لە دابینکردنی زیاتر لە ٥٠٠ کەرستە و کەلوپەلی پەروەردەیی دەبینێتەوە کە بریتین لە مێز و کورسی ناوپۆل، تەختەستی، کۆمپیوتەر، داتاشۆ، دابینکردنی قەنەفە و دۆڵاب بۆ ئۆفیسەکان و کتێبخانەی نێو کۆلێژەکە. سەرەڕای ئەمانە، فەرشکردن و دانانی سیستەمی دەنگی بۆ هۆڵی بۆنەکان و، نۆژەنکردنەوەی باخچەی کۆلێژەکە بەشێکی دیکەی قۆناغەکانی ئەم پڕۆژەیەی ڤیژن ئێجوکەیشن بوون.
لە وتارەکەیدا، د. جەمیل عەلی سورچی، ڕاگری کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەدین، سوپاس و پێزانینی سەرجەم مامۆستا و قوتابیانی کۆلێژەکەی دەربڕی لەهەمبەر ئەم پڕۆژەیەی ڤیژن ئێجوکەیشن و، وتی: ئەم هەوڵەی دامەزراوەی ڤیژن ئیجوکەیشن لە پڕکردنەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی کۆلێژەکەمان بەرز دەنرخێنین. ڤیژن جێگا پەنجەی لە خزمەتکردنی سێکتەری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دیار و بەرچاوە.
هەروەها، لە بەشێکی تری مەراسیمەکەدا، د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشن دا و، وتی: هەبوونی پەیوەندی لە نێوان زانکۆی سەڵاحەدین و دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشن یارمەتیدەر بووە بۆ زیاتر پێشخستنی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.
دواتر، د. عەبدوڵڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد کە چۆن ئەم پڕۆژەیەی ڤیژن ئێجوکەیشن ڕووحی بەبەر باڵەخانەی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکاندا کردووە و، لە داهاتووشدا کاریگەری بەرچاوی دەبێت لە هاندانی مامۆستا و قوتابیانی کۆلێژەکە تاکو بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندنیان بدەن.
پاشان، میوان دۆلەمەری، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن، ئاماژەی بەوەدا کە ڤیژن ئێجوکەیشن، بەپشتبەستن بەو دیدگایەی لەسەری دامەزراوە، بەئەرکی خۆی کە زانیوە سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییە پەروەردەییەکان بۆ ناوەندێکی باڵای وەکو کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین دابین بکات.
هەروەها میوان دۆلەمەری لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: ڤیژن ئێجوکەیشن بەرهەمی دیدگای فراوانی ڕێزدار ادریس نێچیرڤان بارزانییە بۆ پاشەڕۆژی کوردستان؛ دیدگایەک کە زانست و پەروەردە بەڕێگای سەرەکی گەشەسەندنەکانی کۆمەڵگا دەبینێت و ئامانجێتی، بە دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی زانست و خوێندن، پاشەڕۆژێکی گەش بۆ کوردستان بەدیبهێنێت.
ڤیژن ئێجوکەیشن پتەوکردن و ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی بنەڕەتی دەبینێت، چونکە لە مەودای دوور و نزیکدا، پاڵنەرێک دەبێت بۆ قوتابیان و مامۆستایان تاکو لە ژینگەیەکی پەروەردەیی ئاوەدان و پاڵپشتدا بەردەوامی بە پێشخستنی توانستە ئەکادیمییەکانیان بدەن و، بە زانست کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا بەفراوانتر بکەن.