ڤیژن ئێجوکەیشن پاڵپشتیی کتێبی وێنە-بەڵگەیی “کوردستان خۆشەویستەکەم”ـی  وێنەگری بەناوبانگ لام دوک هاین دەکات


ڤیژن ئێجوکەیشن بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی کرد لە وێنەگری فەرەنسی بەرێز لام دوک هاین و شاندی یاوەری کە پێکهاتبوو لە بەرێزان ماگدالینا سۆدۆمکۆڤا، رۆژنامەنووسی چیکی بەناوبانگ و هاوکاری دێرینی بەرێز هاین،  دکتۆر سیروان عەبدولکەریم عەلی، وەرگێڕی چاپی کوردی کتێبەکە بۆ زمانی عەرەبی و بەرێز ڕەوەند دەروێش، بەرێوەبەری پرۆژە.

ئامانجی سەردانەکە گفتووگۆبوو لەسەر پرۆژە دۆکیومێنتارییەکەی بەرێز هاین کە بریتیە لە تۆمارکردنی ٣ دەیە خەباتی کوردستان بە وێنە کە لە دوو توێی کتێبێکدا بڵاوکراوەتەوە.

لام دوک هاین لە ئاستی نێودەوڵەتییدا ناسراوە بە بەڵگەنامەکردنی ڕەهەندە مرۆییەکانی شەڕ و دەربەدەری و ئاوارەبوون. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٨ بەرەو فەرەنسا هەڵهات، بڕوانامەی ماستەری لە هونەرە جوانەکاندا لە شاری لیۆن بەدەستهێنا و ژیانی پیشەیی خۆی تەرخانکرد بۆ وێناکردنی خۆڕاگری و شکۆ لەناخۆشیدا. چەند بەرهەمێکی بەناوبانگی هەیە لەوانە Des Gens d’Irak (گەلی عێراق( و Le Mékong کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوکراونەتەوە و نمایشکراون. وەرگری خەڵاتی (وێنەی ڕۆژنامەوانی جیهانی) و چەندین خەڵاتی دامەزراوەییە کە بۆ تەرخانکردنی تەواوی ژیانی لەگەڵ گیڕانەوەی چیرۆکی مرۆیی وەریگرتووە.

کوردستان خۆشەویستەکەم، شاکارێکی بینراوی مەزنی ٣٠ ساڵ لە خەبات و مێژووی کوردستانە. لە مانگی ئازاری ساڵی 1991، لە لوتکەی قەیرانە مرۆییەکان دوای بۆردومانەکانی سەدام حوسێن، لام دوک هین بۆ یەکەمجار گەشتێکی لەگەڵ کۆمەڵەی فەرەنسی Équilibre بۆ کوردستانی عێراق ئەنجامدا بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان.

دواتر وەک وێنەگر گەڕایەوە و سندوقێکی وێنەی ساڵانی نەوەدەکانی لەگەڵ خۆیدا هێنایەوە. بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕا کە رۆژانێک وێنەی گرتبوون، ئەو روخسارانەی ئاسەواری تەمەنیان لەسەربوو بەڵام بە خۆڕاگری ڕۆشنکرابوونەوە. هاین لە ڕێگەی ئەم بەریەککەوتنانەوە هێزی هەمیشەیی و فرەچەشنی کولتووری خاکێک ئاشکرا دەکات کە موسڵمانان، مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی، مەندە، زەردەشتی و جوولەکە لە مێژە شان بە شانی یەکتر لەسەری ژیاون.

رێبازەکەی بریتییە لە هاوسۆزی و مرۆڤدۆستی: ” پۆرترێتەکانم تا دەتوانم لە مرۆڤەکانەوە نزیک دەکەمەوە، تا بتوانم خۆم لە گلێنەکانیاندا ببینم. خۆم لە چاوەکانیاندا ببینم.”

ڤیژن ئێجوکەیشن پاڵپشتی لە وەرگێڕانی ئینگلیزی و عەرەبی (کوردستان مۆن ئەمی) کردووە کە پێشتر بە زمانەکانی فەرەنسی و کوردی و چیکی وەشێنراوە.

ئەم پاڵپشتییە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی بەردەوامی ڤیژن ئێجوکەیشنە بۆ پاراستنی کەلتورو داکۆکی لە بەهاکانی پێکەوەژیان، خۆڕاگری و مرۆڤایەتی کە لە ناوجەرگەی چیرۆکی کوردبووندان.

بۆ خوارەوە