ڤیژن ئێجوکەیشن پەرتووکی “نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نووسینی ئەکادیمیکی کوردی” بڵاودەکاتەوە


لە بەرواری 5ی 6ی 2024، مەراسیمی ناساندنی پەرتووکی “نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نووسینی ئەکادیمیکی کوردی” لە هەولێر بەڕێوەچوو. ئەم پەرتووکە لەلایەن پڕۆفیسۆر د. بەختیار سەجادییەوە نوسراوە و ڤیژن ئێجوکەیشن پاڵپشتی تەواوی پڕۆژەکەی کردووە.

لە مەراسیمەکەدا سەرۆکی کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن، ڕێزدار ادریس نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی حکومی و ئەدیب و نوسەران و شارەزایانی بواری زمان ئامادەبوون و چەند وتارێکیش پێشکەش کران.

پ. د. بەختیار سەجادی، ئەندامی کارای کۆڕی زانستیی زمانی کوردی و مامۆستا لە زانکۆی کوردستانی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە وتارەکەیدا باسی بایەخی پەرتووکەکەی کرد کە هەنگاوێک و زانستێکی تازە دەبێت لە ڕووبەڕوبونەوەی کێشەکانی بەردەم توێژینەوە زانستییەکان و ئەو چارەسەرە سەرەکییانەی کە پێویستە بگیرێنە بەر بۆ دەوڵەمەندکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی زمانی کوردی لە رووی توێژینەوە زانستییەکان و نوسینی ئەکادیمی.

هەر لە وتارەکەیدا، پ. د. بەختیار سەجادی سوپاسی رۆڵی کارای ڤیژن ئێجوکەیشنی کرد لە بەرەوپێشبردنی سێکتەری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەدا کە ڤیژن ئێجوکەیشن درێژکراوەی دیدگای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانییە.

هەر لە رێورەسەمەکەدا، سارا سەلاحەدین موستەفا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیژن ئێجوکەیشن، وتارێکی پێشکەش کرد ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پەرتووکە سەرەتایەکی نوێیە لە پەرەپێدان و گەشەسەندنی ئاستی زانست و توێژینەوە لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، وە لەو لایەنانە دەکۆڵێتەوە کە چۆن زمانی کوردی دەتوانێت لە رەوتی بەرهەمهێنانی بیر و زانست لە جیهانیی ئەمڕۆدا ببێتە خاوەن پشک.

سارا سەلاحەدین موستەفا لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە بە پەرەپێدان و ڕێزگرتن لە زمانی کوردی، ئێمە نەک تەنها مێژووی دەوڵەمەندی خۆمان دەپارێزین، بەڵکو هەستی یەکگرتوویی و بەرپرسیارەتی لە نێوانمان بەهێزتر دەکەین.

لە میانەی ڕێورەسمەکەدا پانێلێک بۆ پ. د. عەبدوڕەحمان ئاداک، سەرنووسەری کۆنترین گۆڤاری ئەکادیمیی کوردی لە تورکیا، و پ. د. عەزیز بەرزنجی، خاوەنی زۆرترین سایتەیشن لەسەر ئاستی عێراق، و پ. د. موحسین ئەحمەد عومەر، ئەندامی کارای ئەکادیمیای کوردی ڕێکخرا.

لە پانێلەکەدا چەند ئامار و داتا سەبارەت بە دۆخ و ئاستی توێژینەوەکان لە زانکۆکانی کوردستان خرانەڕوو، وە باس لە گیروگرفتەکانی بەردەم توێژەران کرا لە پرۆسەی نوسین و بڵاوکردنەوەی توێژینەوە ئەکادیمی و زانستییەکان لەسەر ئاستی گۆڤار و پێگە نێودەوڵەتییەکاندا.

لە پەرتووکی نوانەسازی و ئاماژەپێوی بۆ نوسینی ئەکادیمی نوسەر پێشنیاز و چارەسەری بۆ بابەتەکانی پەیوەست بە نوانەسازی و ئاماژەپێوی خستۆتەڕوو کە ئەمەش ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توێژینەوە زانستییەکان، و یارمەتیدەر و هاندەرێکی گەورەی توێژەرانی سەرتاسەری کوردستانیش دەبێت.

بۆ خوارەوە