بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیژن ئێجوکەیشن بەژداری لە کۆڕێکی تایبەت بە سێکتەری پەروەردە و گەشەپێدانی بەردەوام کرد لە پەرلەمانی بەریتانیا


بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیژن ئێجوکەیشن، سارا سەڵاحەدین موستەفا بەژداری لە کۆڕێکی کوردش پڕۆگرێس کرد لە پەرلەمانی بەریتانیا بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان عێراق، وە ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ پێشخستنی سێکتەری پەروەردە و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام.

لە کۆڕبەندەکەدا، هاوشانی پسپۆڕان و شارەزایانی بواری پەروەردە، سارا سەڵاحەدین موستەفا تیشکی خستە سەر ئەو ئالەنگاری و دەرفەتانەی سێکتەری پەروەردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کە پێویستە چارەسەر بکرێن و جەختیان لێبکرێتەوە بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و باشترکردنی سێکتەری پەروەردە لە وڵاتەکەدا.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیژن ئێجوکەیشن ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم سێکتەری پەروەردەی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتییە لە نەبوونی ژێرخانێکی پتەو. ساڵانێکی زۆری جەنگ و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری فاکتەری سەرەکی بوونە لە لاوازکردنی سێکتەری پەروەردە.

خاتوو سارا وتی: عێراق بەدەست نەبوونی ژێرخانێکی پتەوی پەروەردەوە دەناڵێنێت. ئەمەش وایکردوە زیاتر لە ٢ ملیۆن منداڵ بێ بەش بن لە خوێندن. لە پاڵ ئەوەشدا، بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، لە ئێستادا عێراق پێویستی بەزیاتر لە دە هەزار قوتابخانەی نوێ هەیە بۆ ئەوەی هەموو منداڵانی وڵاتەکە بەیەکسانی دەستیان بگاتە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن.

هەروەها خاتوو سارا باسی لە پلان و هەنگاوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کرد بۆ بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام و چاکسازی کردن و پێشخستنی سێکتەری پەروەردەی وڵاتەکە.

لەمیانەی کۆڕبەندەکەدا، سارا سەڵاحەدین ئاماژەی بە پابەندی و دیدگای درێژخانەیەنی ڤیژن ئێجوکەیشن دا لەپاڵ پڕۆژە و دەسپێشخەرییەکانی دامەزراوەکە کە لە بنەڕەتدا ئامانج لێیان باشترکردن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی فێربوونی لەباری پەروەردە و فێرکردنە بۆ سەرجەم قوتابیانی هەرێمی کوردستان.

هەر لە سەردانەکەیدا، خاتوو سارا، لە وەزارەتی دەرەوە و کۆمۆنوێلس و گەشەپێدانی بەریتانیا، چاوی بە بەڕێز ئەلێکس کۆکەر سەرۆکی تیمی عێراق کەوت و گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان لەسەر دیدگا و ئامانج و هەوڵەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن کرد کە کاریگەری بەرچاوی لەسەر بەرەوپێشچوونەکانی سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان هەبووە.

بۆ خوارەوە