ڕۆژی هەینی، ٢٧ی ئەیلول، ڤیژن ئێجوکەیشن کۆنفڕانسێکی لەژێر ناونیشانی ‘ئافرەتانی عێراق: لەنێوان پابەندبوون، خۆڕاگری و ئازادی’ لە سیناتی فەرەنسا لە پاریس ڕێکخست. کۆنفڕانسەکە بۆ ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی پڕۆژەی توێژینەوەیەک بوو، کە پەیوەستە بە دۆخ و مافی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، و ڤیژن ئێجوکەیشن سپۆنسەر و پاڵپشتی کردووە و سەنتەری توێژینەوەی فەرەنسی لەسەر عێراق لەماوەی ١٨ مانگدا بەئەنجامی گەیاندووە.
ئەمە یەکەمین کۆنفڕانسی ڤیژن ئێجوکەیشنە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و دیپلۆماتکارانی پلە باڵا و کەسانی ئەکادیمی و شارەزایانی بواری مافەکانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و فەرەنساوە بەشداریان تێدا کرد.
لە میانەی کۆنفڕانسەکەدا، پرۆفیسۆر دانیێل جۆڵی، کە سەرپەرشتی پڕۆژەی توێژینەوەکەی کردووە و ٤٥ چاوپێکەوتنی لە ماوەی ئەو ١٨ مانگەدا ئەنجامداوە، دۆزینەوە و دەرئەنجامەکانی توێژینەوەکەی ڕاگەیاند و ٤ پانێڵیش بەناونیشانی جیاجیا جەختیان لە بەربەست و دەرفەتەکانی بەردەم مافی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق کردەوە.
شایەنی ئاماژەپێدانە، هەریەک لە بەڕێزان ڕێمی فیراود، سیناتۆری فەرەنسی، وەدیع بتی، باڵوێزی عێراق لە فەرەنسا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەجات فالو بلقاسم، وەزیری پێشووی فەرەنسا بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوە، و مریەم ئەملال لالماس، ڕۆژنامەنوس لە فرانس ٢٤ ئامادەی کۆنفڕانسەکە بوون.
لە وتاری دەستپێکدا، ڕێمی فیراود، سیناتۆری فەرەنسی، باسی لە گرنگی بەستنی کۆنفڕانسەکەی کرد لە سیناتی فەرەنسا و وتی: ڕێکخستنی ئەم کۆنفڕانسە لە سیناتی فەرەنسا هێمای متمانە و دانپێدانانە بۆ کارەکانی سەنتەری توێژینەوەی فەرەنسی لەسەر عێراق و ڤیژن ئێجوکەیشن.
پاشان، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، وتی: هۆشیاری گشتی و پەسەندکردنی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن کۆمەڵگاوە پێویستییەکی بنەڕەتییە و دەبێت کۆمەڵگا بەویستی خۆی گۆڕانکارییەکان قبوڵ بکات و باوشیان بۆ بکاتەوە.
لە کۆنفڕانسەکەدا، زەینەب خەلیل عەلی، جێگری بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن، وتارێکی پێشکەش کرد و پابەندبوونی دامەزراوەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی توێژینەوە ئەکادیمییەکان و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان دووپاتکردەوە: ڤیژن ئێجوکەیشن پاڵپشتی ئەم پڕۆژەی توێژینەوەیەی کردوە چونکە زانیاری گرنگ و پڕبایەخ پێشکەش بە هەردوو کۆمەڵگای کوردستان و عێراق دەکات. ئامانج لە پشتگیریکردنی ئەم توێژینەوەیە بەردەستخستنی زانیاری و داتای پێویستە کە دەکرێت ببنە هۆکاری بەدیهێنانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە و مانادار لە کۆمەڵگادا.
عادل باخەوان، بەڕێوەبەری سەنتەرەی توێژینەوەی فەرەنسی لەسەر عێراق، پشتگیری و هەڵوێستی ڤیژن ئێجوکەیشنی بۆ توێژینەوەکە بەرز نرخاندن و ڕایگەیاند: کاتێک پڕۆژەی توێژینەوەکەمان دەستپێکرد، لەزۆر دەرگام دا، بەڵام تەنیا ڤیژن ئێجوکەیشن دەرگای بۆ پڕۆژەکەمان واڵاکرد و پاڵپشتییان کردین.
هەروەها خاتوو زەینەب، جەختی لە پابەندبوونی ڤیژن ئێجوکەیشن بە بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی کارا کردەوە و ڕاگەیاند: هەموومان بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەش کۆماندەکاتەوە ئەویش دروستکردنی کۆمەڵگایەکی کارا و گشتگیرە، هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەکو ڤیژن ئێجوکەیشن، هەردەم پابەند دەبین بە پشتگیریکردنی هەر دەستپێشخەرییەک کە سوودی بۆ کۆمەڵگا هەبێت و گۆڕانکاری ئەرێنی بهێنێتە کایەوە. بێگومان، لەڕێگای کاری هاوبەش و پێشخستنی سێکتەری پەروەردەوە، دەتوانین داهاتوویەکی گەش بنیات بنێین کە هەموو تاکێک دەرفەتی بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی تێدا هەبێت.
لە دیدگای ڤیژن ئێجوکەیشنەوە پاڵپشتیکردن و پشتگیریکردنی بەردەوامی توێژینەوە ئەکادیمییەکان وەبەرهێنانە لە پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا و یەکێکە لە هەنگاوە بنەڕەتییەکان بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە، هەروەها ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت لە دروستکردنی جیهانێک کە زانست و زانیاری تێیدا گەشەبکات و هەموو تاکێکیش دەرفەتی خۆپێگەیاندن و بەرەوپێشچوونی هەبێت.