
ڤیژن ئێجوکەیشن یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای ئۆرا واژۆ کرد بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەش و دروستکردنی یەکێک لە گەورەترین قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی عێراق لە شاری بەغدا.
لە بۆنەیەکدا، کە لە بەغدا ڕێکخرا، بەئامادەبوونی زەینەب خەلیل عەلی، جێگری بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن و ئیبراهیم کەریم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆرا لە عێراق، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە لەنێوان هەردوولا واژۆ کرا.
بڕیار وایە ڤیژن ئێجوکەیشن و کۆمپانیای ئۆرا پەرە بە کاری پێکەوەیی بدەن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا و وەکو هەنگاوی دەسپێک ڤیژن ئێجوکەیشن هەڵدەستێت بە دروستکردنی پێشکەوتووترین و سەردەمییانەترین قوتابخانەی نێودەوڵەتی لە “مدينة الورد” لە بەغداد، کە گەورەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوونە لەسەر ئاستی عێراق و نزیکەی ١٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی لەخۆدەگرێت، و لەسەر ڕووبەری ٦١ ملیۆن مەتر سێ جا لەلایەن کۆمپانیای ئۆراوە بنیات دەنرێت.
زەینەب خەلیل عەلی لەباسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا وتی: ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی باوەڕ و متمانەی قوڵی ڤیژن ئێجوکەیشنە بە کاریپێکەوەیی، گەشەپێدان و پتەوکردنی ئەو هەنگاو و کاریگەرییانەی کە دەستکەوتی زیاتر پێشکەشی کۆمەڵگا دەکەن. لەم چوارچێوەیەوە، دەمانەوێت دڵنیابین کە پەروەردە ڕۆڵی خۆی لەو پڕۆژە و دەستپێشخەرییانەدا دەگێڕێت کە ئاراستەکەیان بەرەو پێشکەوتن و داهاتوویەکی گەشە.
دیوێکی گرنگی واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە بۆ ئەزموونی دەوڵەمەند و چەندین ساڵەی ڤیژن ئێجوکەیشن دەگەڕێتەوە لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ئەو کار و پڕۆژانەی دامەزراوەکە کە بوونەتە مایەی بەدیهێنانی پێشکەوتنی بەرچاو لەو سێکتەرەکەدا و سەدان هەزار کەس لێوەی سوودمەندبوون.
ڤیژن ئێجوکەیشن دامەزرێنەری باشترین زانکۆ و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقە، وەکو زانکۆی نەورۆز کە لە ساڵی ٢٠٠٤ وەکو یەکەمین زانکۆی تایبەت لە سەرتاسەری عێراق دامەزراوە، و قوتابخانەی شوەیفات کە لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک یەکەمین قوتابخانەی نێودەوڵەتی، کە خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە، دروستکرا.
ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە دەبێتە مایەی فراوانکردنی کار و دەسپێشخەرییەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن و زیاتر بەرەوپێشبردنی سێکتەری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، بەو مەبەستەی ئەزموونێکی سەردەمیانە و گشتگیری پەروەردە و خوێندن فەراهەمبکرێت، و لەڕێگای پڕۆژە و کاری بەرهەمدارەوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگا بەدی بێت.