بە پاڵپشتی ڤیژن ئێجوکەیشن کۆڕبەندی وشکە ساڵی و کاریگەرییەکانی کەش و هەوا لەسەر عێراق بەڕێوەچوو


بە سپۆنسەری ڤیژن ئێجوکەیشن، لە ١١ و ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤، کۆڕبەندی وشکە ساڵی و کاریگەرییەکانی کەش و هەوا لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دیمۆگرافیایی عێراق بەڕێوەچوو. کۆڕبەندەکە بەهاوبەشی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی فەرەنسی لە عێراق و دەزگای بەحر العلوم و زانکۆی کوردستان – هەولێر ڕێکخرابوو، تێیدا بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان ئامادەبوون.

هەریەک لە بەڕێزان، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەژداری کۆڕبەندەکە بوون و وتاریان پێشکەش کرد.

لە کۆڕبەندەکەدا، چەندین پانێڵ بە ناونیشانی جیاجیا بەڕێوەچوون و بەرپرسانی حکومی و ئەکادیمیست و کەسانی شارەزا، لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، تیشکیان خستە سەر مەترسییەکانی کەش و هەوا کە بەرۆکی عێراق و جیهانیان گرتووە. وە جەخت لە گرنگی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە، کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا دەرئەنجامی خراپیان لێ بکەوێتەوە و دانیشتووانی عێراق و ناوچەکە زیاتر پێوەی بناڵێنن.

لەتیف ڕەشید، سەرۆکی کۆماری عێراق، ئاماژەی بەچەند ڕێگا چارەیەکدا و بە پێویستی زانی کە حکومەتی عێراق هەنگاوی جدی بگرێتەبەر لە دروستکردنی بەنداوی زیاتر و پارێزگاریکردن لە ئاوی باران و بەفیڕۆنەدانی سامانی ئاو بەشێوەیەکی گشتی. هەروەها سەرنجی خستە سەر کاریگەرییە ژینگەییەکان لەسەر کەرتی ئابووری و کشتوکاڵ.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سیستەم و پرۆگرامەکانی پەروەردەی بە هۆکارێکی بنەڕەتی دانا لە هۆشیارکردنەوەی خێزان و کۆمەڵگا بۆ بەرجەستەکردنی کلتوری پاکڕاگرتن و پاراستنی ژینگە، وە داوای لە هەمووان کرد بایەخی زیاتر بە هۆشیاری ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بدەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دا لە ئەنجامدانی پڕۆژەی زیاتر بۆ پاراستنی کەش و هەوا، وە بەرگرتن لە لێکەوتە ئەمنی و کێشەکانی وەکو کۆچکردن کە بەهۆی گۆڕانکارییە ژینگەییەکانەوە دەکرێ تەشەنە بکەن.

هەر لە میانەی کۆڕبەندە دوو ڕۆژییەکەدا، قوتابیان لە زانکۆ و ناوەندە پەروەردەییەکانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەرفەتیان پێدرا بۆ زیاتر گەنگەشەکردن لەسەر بابەتە ژینگەییەکان.

دۆخی نالەباری کەش و هەوا و وشەکە ساڵی بۆ چەندین ساڵە بەرۆکی عێراق و جیهانی گرتووە و شارەزایان و ژینگەدۆستان لە ڕێگای کۆڕ و کۆنفڕانسەکانەوە گرنگی زۆری پێدەدەن. لە پاڵ خستنەڕووی چارەسەرەکان، هۆشداری توند دەدەن بەرامبەر لێکەوتە نەرێنی و کارەساتبارە ژینگەییەکان کە پێشبینی دەکرێت نەوەکانی داهاتوو گیرۆدە بکات.

بۆ خوارەوە