ڤیژن ئێجوکەیشن بە فەرمی کتێبخانەی ڤیژن لە زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر دەکاتەوە


ڕۆژی چوارشەممە، 20ی ئەیلولی 2023، ڤیژن ئێجوکەیشن لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا بە ئامادەبووانی چەندین بەرپرسی باڵای ناوخۆ و ئاینی و ئیداری و ئەکادیمی و دیبلۆماسی، کتێبخانەی گشتی ڤیژن لە زانکۆی کاسۆلیکی هەولێر (Vision Library – CUE) کردەوە.

ئەم کتێبخانە گشتییە کە لە لایەن ڤیژن ئێجوکەیشنەوە پاڵپشتی دارایی کراوە، دەکەوێتە ناو کەمپسی زانکۆی کاسۆلیکیی هەولێر و بە کواڵیتییەکی بەرز و دیزاینێکی مۆدێرن و سەرنجڕاکێش دروستکراوە. دروستکردنی پڕۆژەکە لە حوزەیرانی 2021 دەستی پێکردووە و لە ئابی 2022 کۆتایی پێهاتووە کە لەسەر ڕووبەری 2,650 مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە. ئەم کتیبخانەیە توانای لەخۆگرتنی نزیکەی 20,000 کتێبی چاپکراوی هەیە جگە لە سەرچاوە ئەکادیمییە ئەلیکترۆنییەکان.

بەڕێز “بەشار ماتتی وەردە” سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی کاسۆلیکیی هەولێر، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەی باسی لە گرنگی ئەم کتێبخانەیە کرد کە دەبێتە سەنتەرێکی گەورەی زانیاری بۆ خوێنەران لە پایتەختی هەرێمی کوردستان. لە درێژەی وتەکەیدا، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار “نێچیرڤان بارزانی” کرد بۆ بەخشینی ئەم دیارییە بەنرخە بە زانکۆیەکەیان لە ڕێگەی ڤیژن ئێجوکەیشنەوە کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ پێشخستنی زانست و زانیاری لە هەرێمی کوردستاندا.

هەروەرها بەڕێز “د. عبدالرزاق عبدالفتاح” بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان کە بە نوێنەرایەتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوو، کردنەوەی ئەم پڕۆژەیەی لە لایەن ڤیژن ئێجوکەیشنەوە بەرز نرخاند لە پێناو خزمەتکردنی خوێنەران و زانستخوازان لە هەرێمی کوردستان. جیا لەمەش، لە وتەکانیدا گووتی کە ڤیژن ئێجوکەیشن لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەکانیەوە توانیویەتی خزمەتێکی گەورەی سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا بکات لە هەرێمی کوردستان.

ئەم کتێبخانەیە، کە لە لایەن زانکۆی کاسۆلیکییەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ سەرجەم هاوڵاتییان بەردەستە، هەزاران کتێب لە سەرجەم بوارەکاندا بەچەندین زمانی جیهانی لەخۆ گرتووە، لەگەڵ ژووری تایبەت بۆ سیمینار و وۆرکشۆپ و خوێندنەوە؛ هاوکات توانای پێشوازیکردنی لە 600 خوێنەر هەیە لە ڕۆژێکدا.

بۆ خوارەوە