باڵەخانەی سێ قوتابخانەی حکومی لە قەڵادزێ لە لایەن ڤیژن ئێجوکەیشنەوە نۆژەندەکرێتەوە


ڕۆژی شەممە، 11ی ئایاری 2024، مەراسیمی بەفەرمی کردنەوەی باڵەخانەی قوتابخانەکانی پێشەنگ و بروسک و ئازادی دوای نۆژەنکردنەوەی لەلایەن ڤیژن ئێجوکەیشن لە قەڵادزێ بەڕێوەچوو.

لە مەڕاسیمەکەدا، بەڕێزان ئەبوبەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر و مەحمود حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر لەپاڵ مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکە بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد و چەند چالاکییەکیش پێشکەش کران.

هەریەک لە بەڕێزان قایمقامی قەزای پشدەر و بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر وتارێکیان پێشکەش کرد. لە وتارەکەیاندا، وێڕایی سوپاس و پێزانینیان بۆ کارەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن لە سێکتەری پەروەردەی گشتی، بە بایەخەوە تیشکیان خستە سەر گرنگی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانەکان و دامەزراوە پەروەردەییە حکومییەکان لە هەرێمی کوردستان. هیوایان خواست کە ڤیژن ئێجوکەیشن بەردەوام بێت لە بەجێگەیاندنی پڕۆژەی هاوشێوە لە دەڤەرەکەیان.

پاشان، مامۆستا عومەر ئەحمەد، بەڕێوبەری یەکێک لە قوتابخانەکان، بەنوێنەرایەتی هەر سێ قوتابخانەکە وتارێکیدا و تێیدا سوپاس و پێزانینی خۆیانی بۆ ڤیژن ئێجوکەیشن دووپاتکردەوە کە بە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکەیان کاریگەری ئەرێنی لەسەر قوتابییەکانیان دروست دەکەن و دەبنە هۆکاری ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتری پەروەردەیی.

هەروەها، میوان دۆلەمەری، بە نوێنەرایەتی ڤیژن ئێجوکەیشن وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد. سەرەڕای جەختکردنەوە لە دیدگای درێژخایەن و دەسپێشخەریی و پڕۆژە بەردەوامەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن، کە ئامانجی بنەڕەتی لێیان پێشخستنی سێکتەری پەروەردەی گشتییە، سەرنجی خستە سەر بایەخ و ڕۆڵی گرنگی پەروەردەیەکی تەندروست لە پێگەیاندنی قوتابیان و ئاواکردنی دواڕۆژێکی ڕۆشن. لە کۆتایشدا، دووپاتیکردەوە کە ڤیژن ئێجوکەیشن بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی پڕۆژە و خزمەتەکانی لە سێکتەری پەروەردەی گشتی هەرێمی کوردستان، وە هەردەم پاڵپشت و پشتگیری مامۆستایان و قوتابیان دەبێت.

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە سێ مانگی خایاندووە و سەرجەم پێداویستییەکانی قوتابخانەکە، لە ناو پۆل و باخچە و گۆڕەپانی یاری و ژووری کارگێری و مامۆستایان، پڕکراونەتەوە و بەرگێکی تازەیان بەبەردا کراوە. قوتابخانەکە 12 پۆل لە خۆ دەگرێت و پێش نۆژەنکردنەوەی لە دۆخێکی کۆندا بوو و پێویستییەکی زۆری بە نۆژەنکردنەوە هەبوو. دوای ئەم پڕۆژەیەی ڤیژن ئێجوکەیشن، ئێستا قوتابیان لە کەشێکی تەندروست و سەلامەتی پەروەردەیدا درێژە بە پڕۆسەی خوێندنەکەیان دەدەن.

بە تێکڕای گشتی، هەر سێ قوتابخانەکە لە ئێستادا ٦٤٠ قوتابی و ٦٥ مامۆستا و ستاف لە خۆ دەگرێت.

بۆ خوارەوە