ڤیژن ئێجوکەیشن بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی حکومی لە رانیە دادەنێت


ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسانی 2024، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین، ڤیژن ئێجوکەیشن بەردی بناغەی قوتابخانەی (دیدگا)ی 18 پۆلی لە شاری رانیەی دەروازەی راپەڕین دانا.

ئەم قوتابخانەیە، کە بە پاڵپشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی و لەژێر سەرپەرشتی ڤیژن ئێجوکەیشن جێبەجێدەکرێت، چەندین تایبەتمەندی گرنگ لەخۆدەگرێت.

ئەم پڕۆژەیە لەسەر رووبەری 9,000 مەتر چوارگۆشە دروستدەکرێت، ژینگەدۆستە، بەشێکی زۆری بۆ باخچە و سەوزایی تەرخانکراوە، کەرەستەی پێشکەوتووی بیناسازی تێدا بەکاردێت، پانێڵی هەتاوی (Solar Panel) تێدا جێگیر دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و هەروەها سیستەمی گلدانەوە و بەکارهێنانەوەی ئاوی باران لە قوتابخانەکە دادەنرێت.

قوتابخانەکە سەرجەم پێداویستییەکانی ناوەوە و دەرەوە لەخۆدەگرێت کە کتێبخانە و یاریگای وەرزشی و تاقیگەی زانستی و کیمیایی و فیزیایی بەشێکی تری پڕۆژەکە دەبێت.

بڕیار وایە دروستکردنی ئەم قوتابخانەیە لە سەرەتای ساڵی 2026 بە فەرمی بکرێتەوە کە لە توانایدایە زیاتر لە 1,000 فێرخواز لە قۆناغی بنەڕەتی تاوەکو ئامادەیی لەخۆبگرێت.

لە مەراسیمەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی راپەڕین، محمد کەریم، لە وتەیەکدا سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد کە بەدەم داواکارییەکەیانەوە هاتوون بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی سەردەمیانە و گووتی کە دەڤەری راپەڕین پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەکی جدی هەیە لە سەرجەم بوارەکاندا، بە تایبەتی لە کەرتی پەروەردە.

 ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە ئێستادا، زیاتر لە 100,000 فێرخوازی لێیە کە دابەشبوون بەسەر 380 ناوەندی خوێندن.

وەزیری پەروەردە، د. ئاڵان حەمەسعید، لە وتەیەکدا سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە لە هەموو دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها رۆلی ڤیژن ئێجوکەیشنی لە پاڵپشتیکردنی قوتابخانە حکومییەکان بەرز نرخاند و گووتی، “ڤیژن ئێجوکەیشن هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2018، پاڵپشت و هاوبەشێکی سەرەکی وەزارەتی پەروەردە بووە لە هەموو دەڤەرەکانی هەرێمی کوردستان.”

وێڕای ئاماژەدان بە دەستپێشخەرییەکانی ڤیژن ئێجوکەیشن لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە 26 قوتابخانەی حکومی لە دەڤەرە جیاجیاکانی هەرێم بە تەواوی پێداویستییەکانییەوە، بە بایەخەوە باسی گرنگی پڕۆژەی ڤیژنی کرد لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ساڵی 2023 کە پێداویستی 512 قوتابخانەی حکومی دەڤەرەکە دابینکردبوو.

هەروەها سارا سەڵاحەدین موستەفا، بەڕێوەبەری رێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن، باسی لە دیدگا و ئامانجی دامەزراوەکەی کرد لە پێشخستنی سێکتەری پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

“ئێمە لە ڤیژن ئێجوکەیشن، پەروەردە بە بنەمای سەرەکی بۆ هەموو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو دەزانین، و بۆ کۆمەڵگای کوردستانیش گرنگترینە. ئەمەش لە دیدگای دامەزرێنەر و سەرۆکی ڤیژن ئێجوکەیشن، بەڕێز ادریس نێچیرڤان بارزانی سەرچاوەی گرتووە. دیدگایەک کە کوردستان لە سەرووی هەموومانەوە دەبینێت.”

هەروەها بەڕێوەبەری ڤیژن ئێجوکەیشن گووتی، “ئەرکی سەرشانی هەموومانە بەبێ جیاوازی بیری سیاسی و ئاینی و نەتەوەیی خزمەتی کوردستان بکەین، سیستەمێکی پەروەردە و خوێندنی هاوچەرخ، کە هاوتای پێداویستییەکانی هەرێمەکەمان بێت بونیادبنێین بۆ ئەوەی ببێتە مایەی چاکسازی کۆمەڵایاتی و هۆکاری دروستبوونی وڵاتێکی سەرکەوتوو.”

بۆ خوارەوە