باڵیۆزی فەرەنسا سوپاسی ڤیژن ئێجوکەیشن دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی قوتابخانەی فەرەنسی


ڕۆژی چوارشەممە، 12ی 6ی 2024، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، پاتریک دۆرێل، بە یاوەری کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەولێر، یان برایم، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ئالان حەمەسەعید و بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن، سارا سەڵاحەدین موستەفا، سەردانی قوتابخانەی نێودەوڵەتی دانیال میترانی فەرەنسییان کرد لە هەولێر.

هەر یەکە لە بەڕێزان باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و وەزیری پەروەردە لە وتارەکانیاندا سوپاسی بەڕێز ادریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشنیان کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ قوتابخانەی دانیال میتران، و هەروەها وەزیری پەروەردە سوپاس و پێزانینی خۆی پیشاندا بۆ کار و پڕۆژەکانی دامەزراوەکە لە کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان.

مەبەست لەم سەردانەی باڵیۆزی فەرەنسا دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی حکومەتی فەرەنسا بوو بۆ قوتابخانەی دانیال میتران لە هەولێر.

ڤیژن ئێجوکەیشن ساڵانە پاڵپشتی دارایی بۆ قوتابخانەی دانیال میترانی فەرەنسی دابیندەکات و هەروەها لە ساڵی 2022 قوتابخانەکەی نۆژەنکردۆتەوە و تاقیگەیەکی بە تەواوی پێداویستییەکانیەوە دروستکردووە، کە ئامانج لێی ڕەخساندنی ژینگەیەکی سەردەمییانە و نێودەوڵەتی پەروەردە و فێرکردنە بۆ فێرخوازان.

هەر لە میانەی سەردانەکەی ئەمڕۆدا، بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن جەختی لە بەردەوامی پاڵپشتی دامەزراوەکەیان کردەوە بۆ ئەم قوتابخانەیە کە لە ڕابردوودا ڕۆلێکی بەرچاوی هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

قوتابخانەی دانیال میترانی فەرەنسی لە ساڵی 2009 دامەزراوە و بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی فەرەنساوە دانیپێدانراوە. وەکو ڕێزلێنان لە ڕۆڵ و پشتگیرییەکانی بۆ گەلی کوردستان، قوتابخانەکە بەناوی دانیال میترانەوە، خانمی یەکەمی پێشووی فەرەنسا، ناونراوە کە لە ساڵی 2011 کۆچی دوایی کرد.

.لە ئێستادا ئەم قوتابخانەیە 145 فێرخواز لە 10وڵاتی جیاواز لە قۆناغە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت

بۆ خوارەوە