ڤیژن ئێجوکەیشن لەگەڵ قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی ساڵی 2022-2023 کۆدەبێتەوە


رۆژی شەممە، 20ی نیسانی 2024، تیمی ڤیژن ئێجوکەیشن (Vision Education) لە هەولێر لەگەڵ قوتابیە یەکەمەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی قوتابخانە حکومییەکانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 کۆبووەوە و دووپاتی بەردەوامی پشتگیری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابییان کردەوە لە پڕۆسەی خوێندنیاندا.

لە نیوەڕۆ خوانێکدا، بە ئامادەبوونی قوتابییەکان و خانەوادەکانیان، تیمی ڤیژن ئێجوکەیشن لە نزیکەوە گوێی لە راو سەرنجی قوتابییان گرت بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی خوێندنیان و پاڵپشتیکردنی بەردەوامیان لە قۆناغەکانی داهاتوودا.

لە کۆبوونەوەکەدا، خاتوو سارا سەڵاحەدین موستەفا، بەڕێوەبەری رێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن، تیشکی خستە سەر پاڵپشتی بەردەوامی قوتابییان و رۆڵ و ئەرکی دامەزراوەکە لە بەرەوپێشبردنی سێکتەری پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی، کە ئەمەش بەشێکە لە دیدگا و ئامانجی درێژخایەنی ڤیژن ئێجوکەیشن لەم کەرتەدا.

هەر لەو چوارچێوەیشدا، خاتوو سارا جەختی لە دیدگا و خەمخۆری سەرۆکی ڤیژن ئێجوکەیشن، رێزدار ادریس نێچیرڤان بارزانی، کردەوە کە هەردەم ئامانجی بووە کەم و کورتی قوتابیان لە رووی پێداویستییەکانی خوێندنەوە پڕبکاتەوە و زیاتر پشتگیریان بکات بۆ ئەوەی ئەوانیش بە گڕ و تینێکی زیاترەوە درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.

لە بەرامبەردا، قوتابییەکان و خانەوادەکانیان سوپاس و پێزانینیان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشن دەربڕی. لە پاڵ پێشنیار و داواکارییەکانیان، هیوایان خواست ئەم دامەزراوەیە لە پشتگیریکردنی قوتابیان و سێکتەری پەروەردە بەردەوام بێت.

لە بەرواری 10ی تەمموزی 2023، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە قوتابییە یەکەمەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی و خانەوادەکانیان کرد و خەڵاتی پێبەخشین لە پای ماندووبوونیان و سەرکەوتنیان لەم قۆناغەدا. هەروەها بەڵێنی پشتگیری بەردەوام و زەماڵەی خوێندنی بە سەرجەم ئەو قوتابییانەدا.

بۆ ئەم بابەتە، دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشن لە لایەن بەڕێزیانەوە راسپێردرا بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە پیرۆزە و پشتگیریکردنی بەردەوامیان لە پڕۆسەی خوێندنیان کە تاوەکو ئێستا لە پاڵپشتیکردنی قوتابییان بەردەوامە.

بۆ خوارەوە