ڤیژن ئێجوکەیشن پڕۆژەی هاوکاریکردنی 512 قوتابخانە لە سۆران ڕادەگەیەنێت


ڕۆژی شەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2023، ڤیژن ئێجوکەیشن لە دەستپێشخەرییەکی ناوازەدا، پڕۆژەی (ڤیژن)ی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاگەیاند کە دابینکردنی پێداویستییەکانی 512 قوتابخانەو باخچەی ساوایانی حکومییە لە سنووری ئەو ئیدارە سەربەخۆیەدا.

ئەم پڕۆژەیە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی سۆران ئەنجام درا، خۆی لە زیاتر لە 4,000 کەرەستەی جیاواز دەبینێتەوە کە بریتیبوون لە: لاپتۆپ، داتاشۆ، تەختە سپی، سۆپای تۆڕبۆی نەوت، دۆڵابی ئاسن، پاکێجی وەرزشی و پاکێجی یاریی منداڵانی باخچەی ساوایان.

لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دەسپێشخەرییەکەدا کە چەندین بەرپرسی ناوخۆیی و ئیداری و مامۆستایان تێیدا بەشداربوون، بەڕێوەبەری رێپێدراوی ڤیژن ئێجوکەیشن خاتوو “سارا سەڵاحەدین” ئامانجی پڕۆژەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو کە خزمەتکردنی قوتابیان و مامۆستایانی دەڤەرەکەیە بەبێ جیاوازی.

بەڕێز “هەڵگورد شێخ نەجیب” سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەی باسی لە گرنگیی ئەم پڕۆژەیە کرد و سوپاسی کۆمپانیای ڤیژن ئێجوکەیشن کرد بۆ خەمخۆریی هەمیشەییان لە خزمەتکردنی سێکتەری پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران بەڕێز “اکارا الیشا کێو” کە بە نوێنەرایەتی بەڕێز وەزیری پەروەردە ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوو، لە وتارەکەیدا جەختی لە گرنگیی دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی قوتابخانەکانی سنوورەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم دەستپێشخەرییە گەورەیە توانیویەتی زۆربەی بۆشاییەکانی سێکتەری پەروەردە لەو دەڤەرە پڕبکاتەوە و بووەتە ئومێدێکی گەورە بۆ قوتابیان و مامۆستایانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

پرۆسەی دابەشکردنی ئەم پێداویستیانە کە سەرجەم قەزا و ناحیە و گوندەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە، بۆ ماوەی 5 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمەش لە ڕێگەی چەند سەنتەرێکی دابەشکردنەوە، بە مەبەستی ئاسانکاریی تەواو بۆ قوتابخانە و باخچەی ساوایانی دەڤەرەکە. سەنتەرەکانیش بریتین لە: ناوەندی سۆران، ڕەواندوز، خەلیفان، چۆمان، سیدەکان، مەزنێ، بلێ، پیران و گۆڕەتوو.

شایانی باسە، ئەم پێداویستیانە لەسەر داوای پێشوەختەی خودی قوتابخانەکان و باخچەی ساوایانی ئەو سنوورە ئامادە کراون کە ڕاستەوخۆ زیاتر لە 73,500 قوتابی، مامۆستا، وانەبێژ، ستافی قوتابخانە و باخچەی ساوایان لێی سوودمەند دەبن. ئەم دەستپێشخەرییە بە گەورەترین پڕۆژەی ڤیژن ئێجوکەیشن دادەنرێت لە ساڵی 2023دا کە زۆرترین سوودمەند لەخۆدەگرێت.

بۆ خوارەوە