ڤیژن ئێجوکەیشن کورسی ناو پۆل بۆ سێ قوتابخانەی حکومی لە چۆمان دابین دەکات


رۆژی دووشەممە، 25ی ئاداری 2024، ڤیژن ئێجوکەیشن (Vision Education) لە دەستپێشخەرییەکی خێرخوازیدا، هەستا بە دابینکردنی (100) کورسی (رحلە) مۆدێرن بۆ سێ قوتابخانەی حکومی لە قەزای چۆمان کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی هەریەك لە بەڕێزان قایمقامی قەزای چۆمان، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران و بەڕێوەبەری پەروەردەی چۆمان، تیمی ڤیژن ئێجوکەیشن بە فەرمی پێداویستییەکانی رادەستی بەڕێوەبەر و ستافی قوتابخانەکان کرد.

ئەم دەستپێشخەرییە لە لایەن ڤیژن ئێجوکەیشنەوە لەسەر داواکاری و پێویستی خودی قوتابخانەکان بووە کە ئامانج لێی رەخساندنی ژینگەیەکی باشترە بۆ قوتابیان تاوەکو بتوانن بە ورەیەکی بەرزترەوە بەردەوامی بە پڕۆسەی خوێندنیان بدەن.

سارا سەڵاحەدین موستەفا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیژن ئێجوکەیشن لەم بارەیەوە گووتی: “ئامانج لە دابینکردنی کورسییەکان تەنها پڕکردنەوەی پۆلەکان نییە بە چەند پارچە تەختە و ئاسنێك، بەڵکو ئامرازێك و سەکۆیەکی گرنگی پڕۆسەی فێربوونە بۆ قوتابیان کە بەهۆیەوە بتوانن لە کەشێکی گونجاودا، بە یادگاری لەبیرنەکراوەوە، پەرە بە خوێندنیان بدەن بۆ خزمەتکردنی وڵات و نیشتیمان لە داهاتوودا. بۆیە، وەکو ڤیژن ئێجوکەیشن، شانازییە بۆ ئێمە وەك هەمیشە بە کردار پاڵپشتیی خۆمان بۆ سێکتەری پەروەردە لە کەرتی حکومی دووپات بکەینەوە.”

قوتابخانە سوودمەندبووەکانی لەم دەستپێشخەرییە بریتین لە: قوتابخانەی باڵەکی هاوڕێی بنەڕەتی کچان (لە ساڵی 1999 دامەزراوە)، قوتابخانەی ئامادەیی باڵەکایەتی وێژەیی کوڕان (2016) و قوتابخانەی زینوێی ئێوارانی کوڕان (2003).

هەرسێ قوتابخانەکە لە ئێستادا بە تێکڕا (377) قوتابی و (55) مامۆستا و فەرمانبەر لەخۆ دەگرێت.

بۆ خوارەوە