ڤیژن ئێجوکەیشن قوتابخانەی سۆلاڤ و خاتوو زینی حکومی لە سلێمانی نۆژەندەکاتەوە


رۆژی دووشەممە، 29ی نیسانی 2024، دوای نۆژەنکردنەوەی هەردوو قوتابخانەی ئامادەیی سۆلاڤی کچان و قوتابخانەی خاتوو زینی بنەڕەتی بە تەواوی پێداویستییەکانییەوە، ڤیژن ئێجوکەیشن لە مەراسیمێکی تایبەتدا بە فەرمی قوتابخانەکانی بە رووی قوتابیاندا کردەوە.

لە رێوەڕەسمەکەدا، کە هەر یەکە لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دڵشاد عومەر و پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر لەگەڵ چەندین بەرپرسی تری پەروەردەیی پارێزگاکە لەپاڵ مامۆستا و قوتابیانی قوتابخانەکە بەشدارییان تێدا کرد، تیشک خرایە سەر گرنگی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە لە پێشخستنی کەرتی پەروەردەدا.

لە وتارەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە بەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گرتووە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە توانایدا نەبووە وەکو پێویست داواکارییەکانی قوتابخانە حکومییەکان جێبەجێبکات، بەڵام بە پشتگیری و پاڵپشتی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت وەکو ڤیژن ئێجوکەیشن، بە سوپاسەوە بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی قوتابخانەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان پڕکراونەتەوە و داواکارییەکانیان جێبەجێکراون.

دڵشاد عومەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەستپێشخەری ڤیژن ئێجوکەیشنی لە نۆژەنکردنەوەی تەلاری هەردوو قوتابخانەی ئامادەیی سۆلاڤی کچان و قوتابخانەی خاتوو زینی بنەڕەتی بە تەواوی پێداویستییەکانیەوە بەرز نرخاند و ئاماژەی بە پلانی دامەزراوەکە کرد لە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی ئامادەیی سەڵاحەدین لە شاری سلێمانی لە داهاتوودا.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا، پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە رۆلی کاریگەری کەرتی پەروەردە کرد لە گەشەسەندنی ووڵاتدا و گووتی کە ئەم کەرتە جیاواز لە کەرتەکانی تر، ناکرێت پشتگوێ بخرێت سەرەڕای هەر قەیرانێک کە لە ناوچەکەدا رووبدات.

جگە لە پیرۆزباییکردنی هەردوو قوتابخانەکە بەبۆنەی نۆژەنکردنەوەیان، هەڤاڵ ئەبوبەکر سوپاسی دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشنی کرد کە هەمیشە لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا، خزمەتکردنی کەرتی گشتی بە ئەرکی خۆی زانیوە.

پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی تەلاری هەردوو قوتابخانەی ئامادەیی سۆلاڤی کچان و قوتابخانەی خاتوو زینی بنەڕەتی چوار مانگی خایاندووە و سەرجەم پێداویستییەکانی ناو پۆل و تاقیگەکان و ژووری مامۆستایان و کارگێڕی لەخۆگرتووە. بەهۆی کۆنی بینایەکە، پێشتر چەند بەشێکی قوتابخانەکە لەبەر مەترسی رووخانی، داخرابوو و کاری پێنەدەکرا. خۆشبەختانە دوای نۆژەنکردنەوەی لە لایەن ڤیژن ئێجوکەیشنەوە، قوتابیان بە کەشێکی نوێ و سەردەمییانەوە، دوور لە هەر مەترسییەک دەتوانن سوود لە سەرجەم بەشەکانی قوتابخانە وەربگرن و بەردەوامی بە کاروانی خوێندنیان بدەن بە مەبەستی بەدەستهێنانی پلا.

ئەم دوو قوتابخانەیە لە ئێستادا زیاتر لە 740 قوتابی و 71 مامۆستا و ستاف لەخۆ دەگرێت.

بۆ خوارەوە